سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

نەشتەرگەری پلاستیک چییە؟
هەڵبەت لە ناو خەڵکدا بە نەشتەرگەری جوانکاری ڕۆیشووە، بەڵام لە ڕاستیدا جوانکاری تەنها بەشێکە لە نەشتەرگەری پلاستیک.
دیارە زاراوەی پلاستیک ئەو پلاستیکە نییە کە لە کەلوپەل و زۆر شتی تردا بەکاردێت، بەڵکو پلاستیک لێرەدا بە مانای داڕشتنەوە، دروستکردنەوە، ڕێککردنەوە، بونیادنانەوە یان هەریەک لەمانە دێت.
نەشتەرگەری پلاستیک پۆلێن ئەکرێت بە دوو بەشی سەرەکییەوە؛ نەشتەرگەری جوانکاری وە نەشتەرگەری دروستکردنەوە.

یەکەم/ نەشتەرگەری جوانکاری: هەموو ئەو نەشتەرگەرییانە ئەگرێتەوە کە بریتین لە جوانکردنی (شێوەی) بەشێکی ناڕێکی لەش، بەڵام ئاسایی لە پێکهاتە و فەرماندا، بۆ نموومە کەسێک شێوەی لووتی بەدڵ نییە و داوای جوانکاری شێوەی لووت ئەکات. بە هەمان شێوە جوانکاری سنگ و ورگ، یاخود دانان یان لابردنی چەوری و ... تا دوایی.

دووەم/ هەرچی نەشتەرگەری دروستکردنەوەشە دووبارە پۆلێن ئەکرێتەوە بۆ چەن بەشێکی تر، لەوانە:
1. نەشتەرگەری سووتاوی و شێواوییەکانی دوای سووتان.
2. نەشتەرگەری شێواوییە زگماکییەکان: وەک کەرتبوونی لێو، مەڵاشوو، پەری بڕ، شێواوی گوێچکە و دەست و ... تا دوایی
3. نەشتەرگەری لووەکانی پێست و برینی درێژخایەن
4. نەشتەرگەری نەخۆشییەکانی دەست
5. نەشتەرگەری مایکرۆسکۆبی و چاندنەوەی بەشە پەڕیوەکانی وەک پەنجە (کە گرانترین نەشتەرگەرییە لە ڕووی تەکنیکەوە)، دەست، باسک، قۆڵ، گوێ، ئەندامی نێرینە ... تا دوایی.
6. نەشتەرگەری دەماری ڕوخسار ( ئیفلیجی ڕوخسار بەهۆی برینداربوون یان کەموکوڕی دەماری ژمارە حەوتی ڕوخسار)، و پەلەکانی سەرەوە و خوارەوە.
7. نەشتەرگەری دروستکردنەوەی بەشە لەدەستچووەکان، وەک لووت، گوێ، لێو، پێڵووی چاو، پەنجە، ئەندامی زاووزێ و ... تا دوایی.

بە کورتی، ئەتوانین بڵێین نەشتەرگەری پلاستیک بریتییە لە وردکاری، واتە هەر نەشتەگەرییەک پێویستی بە وردەکاری و دەست جوانی هەبێت ئەچێتە بواری نەشتەرگەری پلاستیکەوە.