سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

جوانکاری گوێچکەی دەرپەڕیوو

 گوێچکەکان کەوتوونەتە هەردوولای سەرەوە و بەشێکی کاریگەریان هەیە لەسەر جوانی ڕوخسار. هەر گوێچکەیەک بە گۆشەیەیکی دیاریکراو پەیوەستە بە سەرەوە، چ لە باری شاوڵی یان ستونی، هەر کاتێک ئەم گۆشەیە لە رادەی ئاسایی زیاتر بوو ئەوا گوێچکەکان کەم یا زۆر بەشێوەیەیکی دەرپەڕیو لە تەنیشت سەرەوە دەرئەکەون، چ لە کاتی سەیرکردنی کەسەکە ڕوو بەڕوو یاخود لە پشتەوە. 
 ئەم شێوە گوێچکەیە لە کاتی لە دایکبوونەوە دەرئەکەوێت و تا ڕادەیەکی بەرچاو لەناو خەڵکدا ئەبینرێت، لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێدا هەيە. کەسەکە هەوڵ بەشاردنەوەی ئەم ناڕێکییە ئەیات، بۆیە زۆرجار کوڕان قژیان تا ڕادەیەک درێژ ئەکەنەوە بۆ شاردنەوە گوێچکەکانیان، وە خانمانیش زۆر کات حەز بە بەستنی قژیان ناکەن.
 ئەکرێت سەرەڕای دەرپەڕینی، لە هەمان کاتدا ناڕێکی لە قەبارە یان شێوەی گوێچکەکەدا هەبێت، بە جۆرێک گوێچکەکە گەورەتر یان بچووکتر بێت بە بەراورد بە قەبارەی سەر، یاخود شێواوی هەبێت لە شێوە لوولپێچی گوێچکەکەدا.

ناڕێکییەکانی گوێچکە گەلێکن، وە چارەسەری هەر یەکەیان جیاوازە لەوی تر. چارەسەری ئەم جۆرە ناڕێکییە ئەکرێت بەبێ نەشتەرگەری بکرێت و ناڕێکییەکە کەم بکرێتەوە ئەگەر ڕاستەوخۆ مناڵەکە برایە لای پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری، هەڵبەت پزیشکەکە دوای پشکنینی تەواو هۆکارە سەرەکییەکەی ئەدۆزێتەوە و ڕێنمایی تەواوی دایک و باوکەکە ئەکات سەبارەت بە چارەسەرەکە، بەڵام هەر کات مناڵ ماوەیەک بەسەر لەدایک بوونیدا تێپەڕی و بەبێ چارەسەر مایەوە، ئەوا پێویستە لە تەمەنێکی گەورەتردا بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت، بەو پێیەی کە نەگاتە تەمەنی قوتابخانە، چونکە ئەم تەمەنە زۆر هەستیارە و ئەشێت تووشی ناو و ناتۆرە بێت و هەست بە کەمی کەسێتی خۆی بکات لەچاو هاوەڵەکانیدا. زۆر لەو کەسانە کە دێنە لای پزیشک کەسانی کامڵن و داوای جوانکاری گوێچکەیان ئەکەن. 
 ئەم جۆرەنەشتەرگەرییە یەکێکە لە نەشتەرگەرییە باوەکان, ئەتوانرێت بە هەر یەکە لە سڕکردنی خۆجێیی (واتە بەنجی مەوزعی) یان بێهۆشکردنی گشتی (بەنجی عام) بکرێت. کەسەکە ئەتوانێت هەمان ڕۆژ بگەڕێتەوە ماڵەوە و گوێچکەیەکی ڕێک و جوانی بۆ بگەرێتەوە.