سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

جوانکاری لووت

 نەشتەرگەری جوانکاری لووت یەکێکە لەو نەشتەرگەرییانەی کە ڕۆژانە داواکارییەکی زۆری لەسەرە، چ لەلایەن خانمانەوە یاخود پیاوانەوە. 
هۆکارەکانی داواکاری جوانکاری لووت زۆرن، لەوانە:
1. ناڕێکی شێوەی لووت،
2. خواری کۆڵەکەی لووت و گرفتی هەناسەدان، 
3. دەرەنجامی نەخوازراو بەهۆی پێشتر نەشتەرگەری جوانکاری لووتەوە کە بۆ کەسەکە کرابێت (وەک ناڕێکی شێوەی لووت یاخود گرفتی هەناسەدان لەڕێگەی لووتەوە).
4. شێواوی لووت بەهۆی کەرتبوونی زگماکی لێوەوە. 
5. شێواوی لووت دوای زەبری دەرەکی.

جوانکاری لووت لە تەمەنی ۱۸ ساڵییەوە ئەکرێت، مەبەست لێی ڕێکخستنی شێوەی لووتەکەیە بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەشەکانی تری دەموچاودا بگونجێت، نە ئەوەیە زۆر بچووک بکرێتەوە کە نەشاز بێت بە ڕوخسارێکی پان و قەڵەو، وە نە گەورەش بێت بە بەراورد لەگەڵ ڕوخسارێکی بچووک و باریک. هەڵبەتە لە کۆتاییدا بڕیار بۆ کەسەکە ئەگەڕێتەوە کە چ قەبارەیەکی بەلاوە پەسەندە و بەو جۆرە ئەکرێت کە کەسەکە خۆی بەدڵێتی.
 ناڕێکییەکانی لووت زۆرن و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ئەگۆڕیێت. ئەکرێت هەر یەکێک بێت لەمانەی خوارەوە یان هەمووی پێکەوە ناڕێک بن، وەک:
1. بەرزی کۆڵەکەی لووت، 
2. خواری کۆڵەکەی لووت، 
3. گەورەیی قەبارەی لووت، 
4. گەورەیی کونەلووتەکان، 
5. نایەکسانی شێوەی لای ڕاست و چەپی لووت، 
6. پانی لووت، 
7. یان چەند ناڕێکییەکی تر کە ڕەنگە بەهۆی نەشتەرگەری پێشترەوە ڕوویدابێت.

سەرەڕای ناڕێکی، ڕەنگە لووتەکە شێوەی جوان بێت بەڵام کەسەکە گرفتی فەرمانی هەبێت، لەوانە؛ 
1. گیران و گران هەناسەدان بە لووت (چ دوای نەشتەرگەری یا دوای شکانی لووت بەهۆی زەبری دەرەکییەوە)، 
2. ئازاری لووت بە دەست پێدانانی بەشێکی دیار لە لووتەکە، 
3. یان چەند گرفتێکی تر.

دیارە هەریەک لەمانە چارەسەر و تەکنیکی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ڕێککردنەوەی گرفتەکە، ئەویش لە دوای پشکنین و هەڵسەنگاندنی لووتی کەسەکە. 
 جوانکاری لووت ئەتوانرێت بە هەردوو سڕکرنی خۆجێی (بەنجی مەوزعی) یان بێهۆشکردنی گشتی (بەنجی عام) بکرێت، ئەمەش بەندە بە ویستی کەسەکەوە. ئەم نەشتەرگەرییە لە یەک کاژێر بۆ چوار کاژێر ئەخایەنێت، دوای چەند کاژێرێک و هەمان ڕۆژ کەسەکە ئەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەوە. بەشێوەیەکی گشتی ئازاری ئەم نەشتەرگەرییە کەمە دوای هەستانەوە لە بەنج، بۆیە تەنها حەبی ئازارشکێن بەسە بۆ کەسەکە. 
 ئاوساوی و شینبوونەوەی لای چاوەکان شتێکی زۆر ئاسایین دوای نەشتەرگەرییەکە و دوای ماوەیەک ئاسایی ئەبنەوە. زۆرجار قاڵبێکی پلاستیک یا گەچ لە بەشی دەرەوەی لووتەکە یان قاڵبێکی سلیکۆن یا نایلۆن لە بەشی ناوەوەی لووتەکە دائەنرێت و دوای ماوەیەک لائەبرێن. دوای لابردنی قاڵبەکە؛ پێویستە بۆ ماوەیەک لووتەکە پلاستەری لێ بدرێت بۆ کەمکردنەوەی ئاوساوی و شێوە وەرگرتنی لووتەکە. 
ئەوەی پێویستە بزانرێت و زۆر گرنگە ئەوەیە کە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی جوانی لووت ٦٦ مانگ بۆ یەک ساڵی پێویستە لە دوای نەشتەرگەرییەکەوە، چونکە شێوەی لووت گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت تا دوا شێوەی خۆی وەرئەگرێت. لەو ماوەیەدا کەسەکە ڕێنمایی تەواو وەرئەگرێت سەبارەت بەو خواردن و ستایڵ و ڕاهێنانانەی کە پێویستن دوای نەشتەرگەرییەکە و لە هەموو ئەو شتانە ئاگادار ئەکرێتەوە کە دەرەنجامی خراپیان ئەبێت.

نەشتەرگەری جوانکاری لووت بە نەشتەرگەرییە ناسراوە باوەکانی بواری جوانکاری دائەنرێت و ویستێکی ئێجگار زۆری لەسەرە.