سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

ڕاکێشانی ڕوخسار

دیارە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن و تێپەڕبوونی ڕۆژەکانی ساڵدا، سیماکانی تەمەن دەست بە دەرکەوتن ئەکەن و ڕوخسار چەند گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت و جیاواز ئەبێت لە هەمان ڕوخسار بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر، بەتایبەتی کاتێک بەراوردی وێنەی کۆن و تازە ئەکرێت. 
هۆکار و میکانیزمی ئەم سیمایانە خۆی ئەبینێتەوە لە:
1. تەنک بوونەوەی پێست و دەرکەوتنی پەڵەی نوێ یان موولوولەی وردی خوێن،
2. پووکانەوەی قەبارەی چەوری ڕوخسار، 
3. شلبوونەوەی بەستەرەشانەکان، 
4. شلبوونەوەی ماسوولکەکانی ڕوخسار و داکەوتنیان، 
5. گۆڕانکاری لە ئێسکەکانی ڕوخسار،
6. هەڵئاوسان یا داکەوتنی لیکە ڕژێنەکان و
7. چەند میکانیزمێکی تر.

ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە، بە تەنها یاخود پێکەوە، ئەبنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی تەمەن لە ڕواڵەت و سیمای ئەو کەسە، کە دیارترینیان بریتین لە؛
1. دەرکەوتنی یان قوڵتربوونەوی هێڵی ئاسۆیی ناوچەوان،
2. داکەوتنی پێڵووی سەرەوە یا خوارەوەی چاو و هەڵئاوسانی ماسوولکە و چەورییەکانی ژێر پێڵووی چاو، 
3. دەرکەوتنی چرچی گۆشەی دەرەوەی چاو (کە بە هێڵەکانی پێکەنین ناسراون)،
4. داکەوتن و پووکانەوەی ڕوومەتەکان،
5. دەرکەوتنی هێڵی نێوان لێوی سەرەوە و ڕوومەت،
6. داکەوتنی هێڵی شەویلگە و ناڕێکی بەشی خوارەوەی ڕوخسار،
7. دەرکەوتنی هێڵی نێوان گۆشەی دەم و شەویلگە،
8. كۆبوونەوی چەوری لە ژێر چەناگە،
9. داکەوتن و شۆڕبوونی ماسوولکەکانی مل،
10. چەند گۆڕانکارییەکی تر.

ئەکرێت هەریەک لەمانە، بە تەنها یا پێکەوە، چارەسەر بکرێن، مەرجیش نییە هەمووجار نەشتەر و دورینەوەی تێبکەوێت، بەڵکو ڕێگای ئاسانتر و ساکارتر هەن کە تایبەتن بۆ چارەسەری گۆڕانکاری کەم و سەرەتایی، بەڵام گۆڕانکاری گەورە پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی هەیە، کە ئەویش نەشتەرگەری ڕاکێشانی ڕوخسارە.
ئەم نەشتەرگەرییە بە هەریەک لە سڕکرنی ڕوخسار یان بێهۆشکردنی گشتی ئەتوانرێت ئەنجام بدرێت، وە کەسەکە هەمان ڕۆژ بگەڕێتەوە ماڵەوە، مەرجیش نییە هەمووکات نەشتەر بەکاربێت بۆ ئەم مەبەستە، بەڵکو لە چەند کاندیدێکی تایبەتدا ئەتوانرێت تەنها بە بەکارهێنانی تاڵی دڕکاوی پزیشکی ئەنجام بدرێت. 
ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە کە ئەم نەشتەرگەرییە ناتوانێت چارەسەری هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی سەرەوە بکات کە باسکراون، بەڵکو بەشێکی گۆڕانکارییەکان چارە ئەکات، ئەوانی تر کە ئەمێننەوە ئەتوانرێت بە ڕێگەی تر جوانکاری بۆ بکرێت.
خۆپاراستن ئەکرێت تا ڕادەیەکی کەم ئەم گۆڕانکارییانەی تەمەن دواتر بخات، بە تایبەتی ڕەنگوبۆی پێست، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی کرێمی تایبەتەوە، بەڵام دواتر گۆڕانکارییەکانی دی پێویستیان بە نەشتەرگەری ڕاکێشانی ڕوخسار ئەبێت.
ماوەتەوە بڵێین ڕاکێشانی ڕوخسار یەکێکی ترە لە نەشتەرگەرییە باوەکان، کە لە تەمەنی مامناوەند و سەروو مامناوەندەوە ئەنجام ئەدرێت، دەرەنجامی باشی ئەبێت و سیمایەکی ڕێک و جوان بۆ کەسەکە ئەگێڕێتەوە و ئارامییەکی دەروونی زیاتری پێ ئەبەخشێت.