سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

بچووککردنەوەی سنگ لە خانماندا

نەشتەرگەری بچووککردنەوەی سنگ بریتییە لە لابردنی زیادەی چەوری، شانەکانی سنگ، پێستی زیادەی سنگ لە خانماندا.
سنگ لە خانماندا لە تەمەنی ۷ بۆ ۱۳ ساڵییەوە دەست بە دەرکەوتن و گەشە ئەکات، گەشەکردنی سنگ تا تەمەنی ۱۹ بۆ ۲۲ ساڵی بەردەوام ئەبێت، بەڵام هەرگیز لە گەشە و گۆڕانکاری ناوەستێت، ئەمەش بەندە بە زیاد و کەم بوونی کێش، دووگیان بوون، هۆکاری بۆماوەیی. 
 گەشەکردنی سنگ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ئەگۆڕڕێت، ئەمەش پەیوەستە بە کەموکورتی لە ڕێژەی دەردانی کۆمەڵێک هۆرمۆنی تایبەت بە گەشەی سنگ. ئەم هۆرمۆنانە لە کاتی دووگیان بوون و شیرداندا گۆڕانکای بەسەردا دێت، هەربۆیە لەو ماوەیەشدا سنگ قەبارەی گەورەترە لە باری ئاسایی خۆی. 
 لە هەندێک لە خانماندا، گەشەکردنی سنگ زیاد لە پێویست ڕوو ئەدات، زیاتر هۆکارەکانی بریتین لە هۆکاری بۆماوەیی، قەڵەوی، دووگیان بوون، مناڵبوون و شیردانی سروشتی، ناڕێکی هۆرمۆنیی، هەڵکشانی تەمەن.
 گەورەبوونی سنگ جگە لە تێکدانی شێوە و قەبارەی سنگ، چەند کێشەیەکی تر بۆ خانمەکە دروست ئەکات، وەک:
1. ئازاری بەردەوامی شان و مل، یان ئازاری سنگ خۆی،
2. زیادبوونی پەستانی سەر دەمارەکانی قۆڵ و سڕبوونی دەماری زەند، 
3. ئارەقکردنەوە و سووتانەوەی پێستی ژێر سنگ دروستبوونی هەستیاری (ئیکزیما)،
4. بارگرانی لە کاتی هەڵسووکەوت و کاری ڕۆژانە،
5. گرفتی هەڵبژاردنی جل و بەرگ، 
6. گرفتی کۆمەڵایەتی لە شوێنی خۆگۆڕین یاخود مەلە کردن،
77. چەند گرفتێکی تری وەک چاڵبوونی شان.

ئەکرێت سەرەڕای گەورەیی قەبارەیان، سنگەکان نایەکسان بن، بە جۆرێک لایەک لەوی تر گەورەتر بێت لە قەبارەدا یان ناچوونیەک بن لە شێوەدا.
 نەشتەرگەری بچووککردنەوەی سنگ لە هەریەکە لەو خانمانەی کە هاوسەرگیرییان کردووە یان نەکردووە ئەکرێت. ئەم نەشتەرگەرییە بە هەریەک لە سڕکردنی خۆجێیی یان بێهۆشکردنی گشتی ئەکرێت و پێویست بە نەخۆشخانە ئەکات، بەڵام هەمان ڕۆژ خانمەکە ئەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەوە.

دیارە چەند ڕێگایەک هەن بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە و هەڵبژاردنی هەریەکەیان پەیوەندی هەیە بە پێکهاتە و قەبارەی سنگەکەوە.
 نەشتەرگەری بچووککردنەوەی سنگ سەرەڕای کاریگەری لەسەر بچووکردنەوەی سنگەکە، لە هەمان کاتدا شۆڕی سنگەکەش بەرز ئەکاتەوە کە لە دەرەنجامی قورسی سنگەکەوە دروستبووە. هەروەها ئازاری شان و مل و بارگرانی و سووتانەوە ڕاستەوخۆ نامێنێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش؛ لابردنی شانەی زیادی سنگ ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجەی سنگ کەمتر ئەکاتەوە، لەبەرئەوەی بەشێک لەو شانانە لا ئەبرێن کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا گۆڕانکاری نەخوازراویان بەسەردا بێت.

لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆری خانمان ئەم کێشەیەیان هەیە و بچووکردنەوەی قەبارەی زیاد لە ئاسایی سنگ داواکارییەکی زۆری لەسەرە، چ بۆ مەبەستی جوانکاری بێت یاخود چارەسەری ئەو کێشانەی پێشتر باسکراون.