سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

دانانی چەوری

دانانی چەوری بریتییە لە وەرگرتنی چەوری لە شوێنێکی لەشەوە بۆ شوێنێکی تر لە هەمان کەسەکە خۆیدا. 
 ئەم گواستنەوەیە لە ڕێی کانیۆلای تایبەتەوە ئەکرێت بە بەکارهێنانی سڕکردنی هەریەک لەو شوێنەکەی کە چەورییەکەی لێ وەرئەگیرێت و ئەو شوێنەی کە چەورییەکەی لێ دائەنرێت. ئەو شوێنانەی کە چەوری لێ وەرئەگیرێت بریتین لە ورگ، بەشی ناوەوەی ڕان، بەشی دەرەوەی ڕان، خوار ناوک، کەمەر، خوارەوەی پشت، چەوری سەر ئەژنۆکان، سمت یان کلێنچکە. دوای ئەوەی چەورییەکە وەرئەگیرێت، پاک ئەکرێتەوە و ئەپاڵێورێت بە ئامێری تایبەت و لە سرنجی تایبەتدا ئامادە ئەکرێت بۆ دانانەوەی لەو شوێنەی کە مەبەستە.

گواستەوەی چەوری لە بواری جوانکاریدا بۆ زۆر مەبەست بەکاردێت، وەک گەورەکردن و بەرزکردنەوەی ڕوومەت، لێو، چەناگە، سنگ، سمت، ڕان، قاچ و پێ ... یان هەر بەشێکی تر لە لەشدا، بە تایبەتی لە خانماندا. هەروەها بۆ کەمکردنەوەی چرچی ڕوخسار بەکاردێت، یان بۆ پڕکردنەوەی چاڵییەکانی دەوروبەری چاو و ڕوخسار یان شوێن چاڵییەکی کۆن لە لەشدا کە بەهۆی ڕووداوێکەوە یان نەشتەرگەرییەکی ترەوە ڕووی دابێت، یاخود بۆ کەمکردنەوەی شوێن چاڵی زیپکەی کۆن. هەروەها بەکاردێت بۆ جوانکاری دەست لەو خانمانەی کە بەهۆی تەمەن یان کاری زۆرەوە ژێیەکانی دەستیان دەرکەوتووە یان دەستیان لاوازبووە. بەکارهێنانێکی تری چەوری دانان ڕێککاری شێواوە زگماکییەکانە، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لە زگماکەوە لایەکی ڕوخساریان بچووکترە لە لایەکەی تریان.

لە خەسڵەتە باشەکانی گواستنەوەی چەوری؛ ئاسانی نەشتەرگەرییەکەیە، کورتی ماوەی پرۆسەکەیە و بەکارهێنانی چەوری لەشی کەسەکە خۆیەتی بۆ جوانکاری لە بری بەکارهێنانی تەنێکی دەرەکی یان نامۆ بە لەش. سەربارەی هەموو ئەمانە؛ بوونی خانەی هاندەرە لە چەورییە وەرگیراوەکەدا، کە هانی چالاککردنەوەی پێکهاتەکانی پێست ئەدەن و جوانی تایبەت بە پێست ئەبەخشن.

ئەو چەورییەی کە دائەنرێت بەشێکی ئەتوێتەوە، بەڵام بەشەکەی تری ئەمێنێتەوە، بۆیە زۆرجار وا پێویست ئەکات کە دوای ماوەیەک بەشێکی تر چەوری دابنرێتەوە بۆ کەسەکە. دیارە بڕی ئەو چەورییەی ئەمێنێتەوە دیاریکراو نییە و زۆر هۆکار هەن کە کارئەکەنە سەر ڕێژەی توانەوەی چەورییەکە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی 40-60% چەورییە گواستراوەکە ئەمێنێتەوە بەو مەرجەی هەموو بارودۆخە پۆزەتیڤەکان لەبار بن بۆ مانەوە و گەیشتنی خۆراک و ئۆکسجین بۆ خانە چەورییەکان.

بەشێوەیەکی گشتی ئەتوانین بڵێین کە نەشتەرگەری گواستنەوەی چەوری لە ئێستادا بە نەشتەرگەری سەردەم دائەنرێت و یەکێکە لەو نەشتەرگەرییانەی کە ڕۆژانە ئەنجام ئەدرێت و داوایەکی زۆری لەسەرە، چ لەلایەن خانمانەوە یان پیاوانەوە.