سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

هەڵئاوسانی سنگ لە پیاواندا

سنگ لە پیاواندا کاتێک لە قەبارەی ئاسایی خۆی گەورەتر بوو پێی ئەوترێ هەڵئاوسانی سنگ.
قەبارەی سنگ بەندە بە بەرز و نزمی ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینە بە بەراورد بە هۆرمۆنی مێیینە. هەرکات ئەم ڕێژەیە دابەزی ئەوا سنگ هەڵدەئاوسێت و قەبارەکەی زیاد ئەکات.

هەڵئاوسانی سنگ ئەکرێت لایەک یان هەردوولا بگرێتەوە و چەند کێشەیەک بۆ کەسەکە دروست ئەکات، لەوانە:
1. گرفتی ناڕێکی جەستە لە کاتی مەلە کردن یان وەرزش یان شوێنی خۆگۆڕین و ناو و ناتۆرەی هاوەڵەکانی،
2. گرفتی پۆشینی هەندێک جۆری جل و بەرگ، بە تایبەتی لە هاویندا،
3. کێشەی دەروونی و دڵەڕاوکێ لە نەزانینی هۆکاری هەڵئاوسانەکە، 
4. لە دەستدانی باوەڕ بەخۆ بوون و سیفەتی نێرینەیی،
5. لە هەندێک کەسدا ڕەنگە ئازاری لەگەڵدا بێت،
6. پاشان گرفتی شاردنەوەی سنگ بە ڕێگەی جیاواز.

لەزۆربەی زۆری بارەکاندا هۆکاری ئەم تێکچوونی هۆرمۆنە بێهۆکارە، بەڵام هۆکارە زانراوەکانی تر بریتین لە:
1. قەڵەوی،
2. قۆناغە جیاوازەکانی تەمەن (زیاترینی لە مناڵی تازە لە دایک بوو، یان گەنج، یان لە تەمەنی گەورەیدا بڵاوترە)،
3. بەکارهێنانی دەرمانێکی دیاریراو بۆ ماوەیەکی درێژ، 
4. نەخۆشی ڕژێنە کوێرەکان، گورچیلە، جگەر، گون ...هتد،
5. بەدخۆراکی،
6. هەندێک جۆری شێرپەنجەی ئەندامەکانی تری لەش،
7. خواردنەوەی زۆری ماددە کهولییەکان و ماددە هۆشبەرەکان، 
8. هۆکاری بۆماوەیی،
9. هۆکاری تر.

زۆربەی زۆری ئەم هەڵئاوساوییانە خۆیان چاک ئەبنەوە و دیار نامێنن، یان بە چارەسەر کردنی هۆکارە بنەڕەتییەکە لائەچن. بەڵام ئەگەر بێ گۆڕانکاری مایەوە ئەوا پێویستی بە چارەسەی نەشتەرگەری هەیە. نەشتەرگەریەکەش دوو جۆرە:
1. لابردنی چەوری سنگ، یان
2. لابردنی شانەکانی سنگ، یان
3. هەردووکیان پێکەوە.

ئەم سێ جۆرە چارەسەرە ئەکرێت بە سڕکردنی جێگەیی ئەنجام بدرێت، یان بە بێهۆشکردنی گشتی، ئەمەش بەندە بە گەورە و بچووکی سنگەکە و باردۆخی تەندروستی کەسەکەوە. نەشتەرگەرییەکە دوو تا سێ کاژێر ئەخایەنێت و تەنها لە ڕێگەی کونێکی بچووکەوە ئەکرێت لە سنگدا کە دواتر شوێنەکەی دیار نابێت بە کەسەکەوە. کەسەکە هەمان ڕۆژ ئەگەڕێتەوە ماڵەوە و ئەتوانێت دوای دوو هەفتە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی. هەڵبەتە لەو ماوەیەدا پزیشکی چارەسەکەر ڕێنمایی تەواو بە کەسەکە ئەدات سەبارەت بە چارەسەری تر و برینپێچی شوێنی نەشتەرگەرییەکە.

لە ئێستادا هەڵئاوسانی سنگ لە پیاواندا گرفتێکی زۆرە و هۆکارەکانیشی تا ڕادەیەک جیاوازن، بەڵام چارەسەری ئاسانە و ئەنجامێکی باشی ئەبێت لەسەر شێوە و جوانی سنگەکە.