سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

برینی پەستان (یا بە زاراوە کۆنەکەی: برینی جێگە)

 مانەوەی پەستانێکی زۆر بۆ ماوەیەکی کەم، یاخود پەستانێکی کەم بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر لەشی مرۆڤ وا دەکات کە خوێن بەپێی پێویست نەگاتە ئەو بەشەی لەش و بریندار بوون یاخود ڕەشبوونەوە و گانگرینی ئەو بەشە. مێشکی مرۆڤی تەندروست لە کاتی نوستندا و بێ ئەوەی کەسەکە خۆی ئاگادار بێت فەرمان بە جەستەی مرۆڤ ئەیات بۆ ئەوەی خۆی ئەمدیو و ئەودیو بکات و خوێن بە بەردەوامی بگاتە بەشەکانی لەش و نەهێڵێت سڕبوون و ڕەشبوونەوە دروست ببێت. 
زۆرجار مرۆڤ تووشی بارێکی ناتەندروست ئەبێت (وەک ئیفلیجی مێشک) کە بەهۆیەوە توانای جووڵەی قاچەکان و جێگۆڕکێ لە کاتی پاڵکەوتنا نامێنێت. بەمەش بەردەوام لەسەر لایەک ئەکەوێت وئەو شوێنەی کە بەردەوام پەستانی کەوتۆتە سەر تووشی بریندار بوون ئەبێت، کە ڕەنگە تەنها بەشێوەی سووربوونەوە یا برینی قووڵ دەرکەوێت و شوێنەکە بۆگەن بکات. 
 وەک هەموو بارێکی تر، خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر، ئەویش بەوەی کە کەسوکاری نەخۆشەکە لە نزیکەوە گرنگی بە جێگۆڕکێی نەخۆشەکەیان بدەن و نەهێڵن بەردەوام لەسەر لایەک پاڵبکەوێت و بەردەوام گرنگی بدەن بە وشک ڕاگرتن و پاکوخوێنی ئەو بەشەی نەخۆشەکەی لەسەر کەوتووە. سەرەڕای ئەمانە، خواردنی ژەمەکان بەڕێک و پێکی هێشتنەوەی کێشی ئاسایی نەخۆشەکە یارمەتیدەرێکی باشە لە زوو چاکبوونەوەی برینەکان.
 کاتێک برینەکە قووڵ ئەبێت، ئەوا پێویستی بە چارەسەرە، کە زۆربەی کاتەکان نەشتەرگەری تێ ئەکەوێت و بگرە زیاد لە چەند نەشتەرگەرییەک، لەوانە نەشتەرگەری پاککردنەوە و داپۆشینەوەی برینەکە، کە هەندێک جار ئەمەش کارێکی ئاسان نییە. 
ئەوەی جێگەی باس و تیشک خستنە سەرە ئەوەیە کە دوای نەشتەرگەریش زۆربەی نەخۆشەکان  دووبارە تووشی هەمان برین ئەبنەوە لەبەر کەمتەرخەمی و گرنگی پێنەدانی بە جێگۆڕکێ لەلایەن کەسوکاری نەخۆشەکەوە، بۆیە دووبارە خۆپاراستن زۆر لە چارەسەرکردن باشترە.