سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

نەشتەرگەری کورتکردنەوە یان بەرزکردنەوەی لێو

درێژی لێوی سەرەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، ئەویش بە گوێرەی دابەشبوونی بەشەکانی تری ڕوخسار ئەگۆڕڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان ۱۲_۱٥ ملم ئەبێت لە کاتی نەجووڵانی لێوەکەدا. هەرکات لێوی سەرەوە لەو ڕێژەیە زیاتر بوو ئەوا بە لێوێکی درێژ ئەژمار ئەکرێت. درێژی لێوی سەرەوە ڕەنگە کێشەی ناڕێکی ڕوخسار بۆ کەسەکە دروست بکات سەرباری گرفتی دەروونی و ناو و ناتۆرەی کۆمەڵایەتی، هەروەها کێشەی دەرنەکەوتنی ددانەکانی سەرەوەیە کاتی پێکەن.
ئەم جۆرە ناڕێکییە ئەتوانرێت چارەسەر بکرێت لە ڕێی نەشتەرگەرییەوە، ئەویش تەنها بە سڕکردنی شوێنکاری و لە کلینیکی جوانکاری و پێویست بە نەخۆشخانە ناکات. شوێن نەشتەر و دورینەوەکە ئەکرێت بکەوێتە ژێر لووت یان ڕاستەوخۆ سەروو لێوەوە. دوای نەشتەرگەریش بە نزیکی پێنج بۆ حەوت ڕۆژی پێویستە بۆ چاکبوونەوە برینەکە، لەو ماوەیەشدا چارەسەر و ڕێنمایی پێویست بە نەخۆشەکە ئەدرێت. دیارە وەک هەموو نەشتەرگەرییەکی تر کەسەکە ئاوسانێکی کەمی ئەبێت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کە دواتر ئەتوانرێت بە بەکارهێنانی تەنی سارد کەم بکرێتەوە "وەک سەهۆڵ". دوای پێنج ڕۆژ تەقەڵەکان لا ئەبرێن و مەڵهەمی تایبەت بەکار ئەهێنرێت بۆ کاڵترکردنەوەی شوێنی نەشتەرگەرییەکە.
سەرەنجام؛ ئەم نەشتەرگەرییە ئەبێتە هۆی کورتبوونەوەی لێو، بەرزکردنەوە و گەورە دەرکەوتنی قەبارەی بەشە پەمەییەکەی لێو، وە دەرکەوتنی پێویستی ددانەکانی سەرەوە، چ لە کاتی ئاسایی و لە کاتی پێکەنیندا و گەڕانەوەی سیمایەکی جوانتر بۆ کەسەکە.