سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

ڕێنماییەکان

چارەسەری سووتاوی

چارەسەری سووتاوی

 هەمیشە خۆت بە دوور بگرە لەو دەرمانە کوردەوارییانەی کە بۆ چارەسەری سووتاوی بەکارئەهێنرێن، ئەگەرچی سووتاوییەکەش زۆر کەم بێت. بە داخەوە کە زۆرجار مناڵێک یان تەنانەت کەسێکی کامڵ، کە ڕێژەیەکی زۆر کەمی لەشی سووتاوە، بەڵام لەبەر بەکارهێنانی دەرمانی کوردەواری یان تەقلیدی، کەسەکە ژیانی لە دەست داوە بۆ سووتاوییەکی هێندە کەم کە تەنها بە چەند ڕۆژێکی کەم لە نەخۆشخانە بە دڵنیاییەوە چارەسەر ئەکرا. 
ئاکامە خراپەکانی دەرمانی کوردەواری بۆ چارەسەری سووتاوی زۆرن، لەوانە؛ کەڵەکەبوونی بەکتریا یان کەڕووی پێست لە سەر و ژێری برینەکە و هەوکردنی شوێن سووتاوییەکە و بە دوایدا هەوکردنی خوێن، نەزانینی پێکهاتەی کیمیایی ئەو گیراوەیەی بەکارهاتووە و مەترسی ژەهراوی بوونی سووڕی خوێن و لەش بەو ماددە کیمیاییانە، وشکبوونەوەی سووڕی خوێن لە ئاو و سست بوونی گورچیلەکان بەهۆی فەرامۆشکردنی لایەنی بووژانەوەی کەسەکە بە ئاوی هەڵواسراو (مغذي) و توخمەکانی ناو لەش وەک پۆتاسیۆم، سۆدیۆم، کالسیۆم، مەگنسیۆم، هەروەها دابەزینێکی زۆری ڕێژەی شەکری خوێن و پرۆتینی لەش و زۆر گۆڕانکاری نەرێنی تری لەش کە باسکردنی خۆی لە خۆیا بابەتێکی فراوانە و زۆری ئەوێت.
 بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی کە سووتاون و چارەسەریان بە داو و دەرمانی کوردەواری و تەقلیدی ئەکرێن، بە هەر دانەیەک یان زیاتر لەو گۆڕانکارییانەی سەرەوە گیان لە دەست دەدەن، ئەگەرچی سووتاوییەکەشی زۆر زۆر کەم بێت، تەنانەت درەنگ گەیاندنە نەخۆشخانەش بە چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک لە وادەی خۆی، مەترسی لەسەر ژیان زیاتر ئەکات.
بۆیە هەموو کات ڕێگەی نەخۆشخانە باشترین هەڵبژاردەتە و زانستی  چارەسەری سووتاوی گونجاوترین هێڵی فریاکەوتنتە.