سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

%D9%86%DB%95%D8%B4%D8%AA%DB%95%D8%B1%DA%AF%DB%95%D8%B1%DB%8C%20%D8%AC%D9%88%D8%A7%D9%86%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DB%8C

نەشتەرگەری جوانکاری ورگ

نەشتەرگەری جوانکاری ورگ.

 

جوانکاری ورگ بریتییە لە لابردنی زیادەی پێست و چەوری ورگ و توندکردنەوەی ماسوولکەی شلبووەوەی ورگ.

 

ورگێکی ڕێک و توند خواستی زۆربەی کەسەکانە کە بۆ ئەو مەبەستە پەنا ئەبەنە بەر خۆپاراستن و وەرزش کردن، بەڵام مەرج نییە ئەم دوو ڕێگایە هەموو کات سەرکەوتوو بن، لە هەمان کاتیشدا ئەم نەشتەرگەرییە جێگرەوەیەک نییە بۆ وەرزش نەکردن یاخود دابەزاندنی کێش. ڕەنگە کەسەکە هەموو بەشەکانی لەشی ڕێک بن، بەڵام تەنها ورگی دەرپەڕیوی هەبێت  یاخود شلی و شۆڕبوونەوەی هەبێت و سوودی لە وەرزش و کەم کردنەوەی خۆراک نەکردبێت. لە هۆکارە بڵاوەکانی شۆڕبوونەوەی ورگیش ئەگەڕێتەوە بۆ هەڵکشانی تەمەن، هۆکاری بۆماوەیی، دووگیان بوون، نەشتەرگەری پێشتر، گۆڕانکاری لە کێشدا. 

ئەوەی جێی ئاماژە بۆکردنە ئەوەیە کە ئەم نەشتەرگەرییە ڕێگەیەک نییە بۆ چارەسەری هێڵەکانی کشان، بەڵام ئەتوانێت بەشێکی زۆری هێڵەکان لاببات کە کەوتوونەتە خوارەوەی ناوک.

کاندیدی گونجاوی تایبەت بەم جۆرە جوانکارییە ئەو کەسانەن کە کێشی لەشیان زۆر نەبێت و تەنها بۆ ڕێککاری شل و شۆڕی ورگیان ئەنجامی بدەن یاخود توندکردنەوەی دیوار و ماسوولکەی ورگ. 

کاندیدی کەمتر گونجاو ئەو کەسانەن کە نەشتەرگەری زراو کراون بە هەڵدڕین، نەخۆشی شەکرە، کێشەی هەناسە توندی سییەکان، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشی تۆپەڵبوونی خوێن.

کاندید نەگونجاو بۆ ئەم جوانکارییە بریتین لەو کەسانە کە لە ڕادەبەدەر قەڵەون، چەورییەکی زۆری ناوەوەی ورگیان هەیە، جگەرە کێشن، زیادەی ورگ و پشتیان پێکەوە  هەیە، تەندروستیان ناجێگیرە یان نەخۆشی دەروونیان هەیە، یان پلانی دووگیان بوونیان هەیە لە پاشە ڕۆژدا، یان بە مەبەستی دابەزاندنی کێش داوای ئەم نەشتەرگەرییە ئەکەن یان لەسەر خواستی هاوسەرەکانیان ئەنجامی بدەن. 

ئەم نەشتەرگەرییە بە بێهۆشکردنی گشتی یان سڕکردنی نیوەیی لەش ئەکرێت، ئەگەر ڕێژەی بارستایی لەش لە ڕادەبەدەر زیاد بوو پێویستە بکرێتە خوار ۳٠، واتە کێشی لەش دابەزێت. 

دوای نەشتەرگەرییەکە ڕەنگە کەسەکە پێویست بکات شەوێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا چارەسەری پێویستی بۆ ئەکرێت، ماوەی دوو هەفتەی پێویستە بۆ چاک بوونەوە، نزیکەی ۲٠ ڕۆژی پێویستە بۆ پشوو لە کارکردن. هەروەها لەو ماوەیەدا پەستێنەری تایبەت (کۆرسێ) بەکاردێت بۆ باشترکردنی دەرەنجامەکانی نەشتەرگەرییەکە. ڕەنگە کاتی نەشتەرگەری سۆندەی تایبەت دابنرێت بە مەبەستی دەرهاویشتنی خوێن و زەرداو، بەڵام دواتر لائەبرێت.

لە دەرەنجامە نێگەتیڤەکانی ئەم نەشتەرگەرییە: هەوکردنی برین، کردنەوەی بەشێکی تەقەڵەکان، کۆبوونەوەی زەرداوی خوێن یان کۆبوونەوەی خوێن. کە دواتر ئەتوانرێت لە کلینیک بە سرنج ڕابکێشرێت. 

ئەوەی جێیی سەرنجە ئەوەیە کە شوێن بڕینی نەشتەرگەرییەکە ئەکەوێتە بەشی ناوەوەی جلی ژێرەوە و دەرناکەوێت، لەهەمان کاتدا ناوک وەک خۆی ئەمێنێتەوە و لانابرێت، بەڵکو ئەگەر شۆڕبووبێتەوە و گەورەبووبێت ئەویش بچووک ئەکرێتەوە و بەرزئەکرێتەوە بۆ ئاستی ئێسکی کەمەر. ئەتوانرێت لەگەڵ ئەم نەشتەرگەرییەشدا چەوری کەمەر و سەر گەدە ڕابکێشرێت بۆ جوانترکردنی شێوەکۆتای لەش.

دوای نەشتەرگەری نەخۆش پێویستی بە دوو هەفتە هەیە بۆ چاکبوونەوە، کەسەکە دوای 3 مانگ ئەتوانێت وەرزش (بۆ نموونە مەلە کردن یان یاری قورسایی و لەش جوانی) بکات یاخود کاری قورس ئەنجام بدات. ئەنجامی ئەم نەشتەرگەرییە درێژخایەنە بەو مەرجەی کەسەکە ئاگای لە خواردن و کێشی هەبێت.

ئەم نەشتەرگەرییە ناتوانرێت لەگەڵ نەشتەرگەری مناڵ بووندا بکرێت لە هەمان کاتدا. هەروەها دووگیان بوون دوای نەشتەرگەری جوانکاری ورگ و مناڵ بوون دووبارە شێوەی ورگەکە تێک ئەداتەوە، بۆیە وا باشترە لە خانماندا ژمارەی ئەندامانی خێزان تەواو بکرێت ئەو کات جوانکاری ورگ بکرێت.

 

مەرج نییە هەموو کات جوانکاری ورگ تەنها بۆ جوانکردن و ڕێککردنەوی شێوەی ورگ بێت، زۆربەی کات کێشەی تر بۆ کەسەکە دروست ئەکات، وەک: عارەق کردنەوە و سووتانەوەی ژێر ورگ، هەوکردنی پێست و تێکچوونی ڕەنگی پێستی ورگ، بارگرانی لە جووڵە و هەڵسووکەوت، کێشەی دانیشتن و لێخوڕینی ئۆتۆمبیل، گرفتی هەڵبژاردنی جل و بەرگ، زۆر کێشەی تر. نەشتەرگەری جوانکاری ورگ، سەرباری جوانکردن و ڕێککردنەوەی ورگ، ئەم کێشانەی تریش چارەسەر ئەکات.

لە ئێستادا نەشتەرگەری جوانکاری ورگ  نەشتەرگەرییەکی باوە و خواستێکی زۆری لەسەرە، بە تایبەتی لەلایەن خانمانەوە.