سلێمانی، کۆتایی شەقامی ئیبراهیم پاشا تەلاری پزیشکی سانا، نهۆمی سێ

نەشتەرگەریەکان

%D9%86%DB%95%D8%B4%D8%AA%DB%95%D8%B1%DA%AF%DB%95%D8%B1%DB%8C%20%D8%AF%D8%B1%D9%88%D8%B3%D8%AA%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95%20(%D8%AF%D8%A7%DA%95%D8%B4%D8%AA%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95)

نەشتەرگەری دروستکردنەوەی سنگ لە خانماندا

شێرپەنجەی سنگ لە خانماندا یەکێکە لە نەخۆشییە بڵاوەکانی ئێستا، کە مەترسی لەسەر ژیان یان مەترسی لەسەر لەدەستدانی سنگەکە دروست ئەکات.
 دیارە مەترسییەکانی شێرپەنجەی سنگ زۆرن، لەوانە؛ زوو دەستپێکردن یان درەنگ تەواوبوونی سووڕی مانگانە، درەنگ مناڵبوون، قەڵەوی بە تایبەتی لە تەمەنی دوای نەمانی سووڕی مانگانە، هۆکاری بۆماوەیی، زۆر هۆکاری تر ....
 ئاشکرایە لە ئێستادا چارەسەری شێرپەنجەی سنگ بریتییە لە لابردنی لووەکە یان بەشێکی سنگەکە یان هەموو سنگەکە و زیادکردنی چارەسەری ترە وەک چارەسەری کیمیایی و بەکارهێنانی تیشک.
 لە دەستدانی سنگ ڕەنگە بە بەراورد بە گەڕانەوەی ژیانی کەسەکە کێشەیەکی ئەوتۆ نەبێت لە سەرەتادا، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی، کەسەکە هەست بە لە دەستدانی بەشێکی هەستیاری جەستەی ئەکات و ڕەنگە بە شوێن ڕێگە چارەیەکدا بگەڕێت بۆ گەڕانەوەی سنگەکەی.
 زۆر ڕێگە هەن بۆ دروستکردنەوەی سنگ، باشترینیان بەکارهێنانی شانەکانی لەشی خانمەکە خۆیەتی، وەکو بەکارهێنانی ماسوولکەی شان، یان ماسوولکەی ورگ یان هەربەشێکی تری لەش. ڕێگەی دووەمیان بەکارهێنانی قاڵبە (ئیمپلانت)، ڕێگەی سێهەمیان بەکارهێنانی هەردوو ڕێگاکەی سەرەوەیە پێکەوە.
 کاتی دروستکردنەوەی سنگ ئەکرێت ڕاستەوخۆ دوای لابردنی سنگەکە ئەنجام بدرێت (کە ئێستا باوترین ڕێگایە)، یان دوای ماوەیەک لە نەشتەرگەری لابردنی سنگەکە ئەنجام بدرێت، کە ئەم بڕیارەش زیاتر پەیوەندی بە بەکارهێنانی چارەسەری تیشکەوە هەیە لە دوای لابردنی سنگەکە. 
 دروستکردنەوەی سنگ بە دوو قۆناغ یان زیاتر ئەنجام ئەدرێت، کە یەکەمجار شێوەی سەرەکی سنگ دروست ئەکرێتەوە، پاشان لە قۆناغێکی داهاتوودا قەبارەی هاوتا ئەکرێتەوە بە سنگێکی ئاسایی، دواتر گۆی سنگ و چواردەوری دروست ئەکرێتەوە. ئەو سنگەی دروست ئەکرێتەوە لە شێوە و قەبارەدا تا ڕادەیەکی زۆر ئاساییە، بەڵام فرمانی شیردانی نییە و ڕەنگە هەستی بەرکەوتنی کەم یان هەر نەبێت.
 ئەوەی دڵخۆشکەرە و پێویستە بزانرێت ئەوەیە کە لەدەستدانی سنگ دوای نەشتەرگەری خاڵی کۆتایی نییە، بەڵکو هەموو کات هیوایەک هەیە بۆ دووبارە بونیاد نانەوەی ئەو بەشەی لە دەست چووە، ئەگەر چی زیاد لە چەند نەشتەرگەرییەکیشی بوێت.

هیوای لەش ساغی و سەلامەتیتان بۆ ئەخوازم، ئومێدەوارم کەستان پێویستان بەم جۆرە نەشتەرگەرییانە نەبێت، وە بەردەوام سەردانی کلینیکی مەمک بکەن کە تایبەتە بە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی مەمک لە خانماندا.